جەعفەری ئاماژەی بەوە کرد، لەڕێگەی سیستمی موشەکی ڕادارییەوە چاودێری هەموو گەشتە ئاسمانییە هەرێمایەتییەکان دەکرێت لەسەر ئاسمانی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بڵاوکراونەتەوە بە ئاسمانی ناوچەکەدا.
ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای ئێران وتی "بە لەبەرچاوگرتنی تێپەڕبوونی زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ فڕۆکە لە ڕۆژێکدا بە ئاسمانی ئێراندا و گواستنەوەی زیارەتکارانی ئیمام حسێن لە نەجەف و کەربەلاوە، بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لەژێر چاودێریی سیستمی موشەکی و ڕاداری ئێراندان".
جەعفەری ئاشکرایکرد، ڕۆژانە ٥٥ فڕۆکەی نەفەربەر زیارەتکاران لە نەجەف و کەربەلاوە دەگوێزنەوە و بە پێچەوانەشەوە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا لێپرسراوی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە سوپای ئێران ڕایگەیاند "لە نێوان هەردوو سنوری هاوبەشی عێراق و ئێران سیستمی موشەکی و ڕاداری جێگر و جوڵاو بڵاوەیپێکراوە، بەمەبەستی چاودێریکردنی سنوری نێوان هەردوو وڵات، هەندێکجاریش فڕۆکەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی تایبەتیش بەکاردەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی سنور".
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی شارە سنورییەکانی ئێران خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕوداوێکی کتوپڕی ئاسمانی کە بێتە ئاراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئاشکرایکرد، لە دوێنێوە نزیکەی ٢ ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی چوونەتە ناوخۆی عێراقەوە بۆ سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی ئەو وڵاتە و بەشداریکردن لە ساڵیادی چلەی ئیمام حسێن کە ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو ٩ی تشرینی دووەم وادەی ئەو ساڵیادەیە.
ساڵانە بەمەبەستی زیندوکردنەوەی چلەی کۆچی دوایی ئیمام حسین کە بە "زیارەتی ئەربەعین" ناسراوە، بە ملیۆنان هاووڵاتی شیعەی عێراق و دەرەوەش سەردانی نزرگە و شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن لە پارێزگاکانی بەغدا و نەجەف و کەربەلا و سەلاحەدین.